Till sidans huvudinnehåll

سێکس، جەستە و تەندروستی بە سۆرانی

هەموو فیلمەکان لێرە دابەزێنە

تۆ بە هەر زمانێک قسە بکەیت پێویستییت بە زانیاری لەبارەی جەستە و تەندروستیی خۆت هەیە. هەر بۆیە RFSU فیلمی لەبارەی جەستە، سێکس و پەیوەندییەوە بۆ تۆ کە بە زمانی سویدی قسە ناکەیت بەرهەم هێناوە.

17 فیلم لەبارەی ئەو شتانەدا هەیە کە باشە بیزانیت بۆ ئەوەی ئاگات لە خۆت و تەندروستییت بێت. لەبارەی جەستەوە زانیاری وەردەگریت: بۆ نموونە لەبارەی ئەوەیدا کە سووڕی مانگانە و زگپڕی و منداڵبوون چۆنە. ئێمە باسی ئەوە دەکەین کە چۆن چێژ لە سێکس وەربگریت، پێشگیری لە نەخۆشیی جنسی بکەی و ئەگەر هاتوو لەکاتی سێکسدا ئێشت هەبوو، دەتوانی چی بکەیت.

هەروەها زانیاری لەبارەی تووندوتیژی جنسی و نامووسی و قەڵاچۆکردنی جنسی تێدایە. و هەروەها زانیاری ئەوەت دەست دەکەوێ کە بۆ وەرگرتنی چاودێری، راوێژ و پاڵپشتی روو لە کوێ بکەیت.

سووڕی مانگانە

سووڕی مانگانە بریتییە لە خوێنبەربوون لە زێ کە بە گشتی هەموو مانگێک ڕوو دەدات. لە فیلمەکەدا زانیاریی لەسەر ئەوە وەردەگریت کە سووڕی مانگانە چییە، جۆرەکانی پاراستنی خوێنی سوورێ مانگانە کە دەتوانی بەکاری بهێنیت و ئەگەر هاتوو لە کاتی سووڕی مانگانەدا ئێشت هەبوو دەتوانی چی بکەیت. هەروەها زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگریت کە لە چ کاتێکی مانگەکەدا دەتوانیت زگپڕ بیت.

کەرەستەی پارێزی سکپڕی

فیلمی کەرەستەی پارێزی زگپڕی لەبارەی ئەوەیە کە چۆن دەتوانی بێ ئەوەی دووگیان بیت سێکست هەبێ. شێوازگەلی جۆراوجۆر بۆ نموونە حەبی دژە زگپڕی و کۆیل هەیە کە دەتوانیت بۆ ئەوەی خۆت لە زگپڕبوونی نەخوازراو بپارێزیت بیانگرییە بەر. هەروەها دەشتوانی کۆندۆم بەکار بهێنیت کە لە زگپڕبوونی نەخوازراو و ئەو نەخۆشیانە کە دەتوانی لەڕێگەی سێکسەوە تووشی بیت، دەتپارێزێت.

لەباربردنی منداڵ

فیلمی لەباربردنی منداڵ لەبارەی ئەوەیە کە ئەگەر هاتوو زگپڕ بووی بەڵام نەتهەوێ منداڵت هەبێت چ رێکارێک دەتوانی بگریتە بەر. لەباربردنی منداڵ واتە تۆ کۆتایی بە زگپڕبوون دەهێنیت. لە سوید هەموو کەسێک بۆی هەیە تاکوو هه‌فته‌ی 18 منداڵەکەی لەبار ببات. دەکرێ دواتریش منداڵەکەت لەبار ببەی، بەڵام ئەوکات دەبێ هۆکارێکی تایبەتیت هەبێ. لەباربردنی منداڵ مەترسیدار نییە و ئەگەریش پێشتر منداڵت لەبار بردبێ هێشتا دەتوانی زگپڕ بیت و منداڵت ببێ.

زگپڕی

فیلمی زگپڕی لەبارەی ئەوەیە کە چۆن زگپڕ دەبیت و لە کامە رۆژانی مانگەدا دەتوانی زگپڕ بیت. زانیاریی لەبارەی ئەو نیشانانەی کە دەرەی دەخات کە زگپڕیت وەردەگریت، بۆ نموونە کە سینگەکانت پەنماون، دڵت تێکهەڵبێت یان ئەگەر سووڕی مانگانەکەت نەیەت. هەروەها زانیاریی ئەوە وەردەگریت کە ئەگەر بتەوێ کۆتایی بە زگپڕیەکەت بهێنیت و منداڵەکەت لەبار ببەی دەتوانیت چ بکەیت.

منداڵبوون

فیلمی منداڵبوون لەبارەی شێوازی لەدایکبوونی منداڵە لە وڵاتی سوید، لەو کاتەی کە ژانت بۆ دێت تاکوو منداڵەکە لەدایک دەبێت. زانیاریی لەسەر ئەوە وەردەگریت کە چۆن خۆت ئامادە بکەیت و ئەگەر تۆ خەتەنە کرابیت یان قەڵاچۆی جنسی کرابیت چ یارمەتییەک هەیە کە پێش منداڵبوونەکەت دەتوانی وەری بگریت. هەروەها زانیاری لەبارەی منداڵبوون کە بە شێوازی سیزاریەن دەکرێت وەردەگریت.

کاتی پاش منداڵبوون

کاتی پاش منداڵبوون زۆر جار بریتیە لە ئاڵۆگۆڕییەکی گەورەی جەستەی و دەروونی. لەم فیلمەدا زانیاریی لەبارەی ئەوەی کە پاش ئەوەی کە منداڵت بووە چ لە جەستەدا روو دەدات پێشکەش دەکرێت، چۆن دەتوانی سارێژی گرفتە ئاساییەکان بکەیت و ئەگەر هاتوو پاش منداڵبوونەکەت تووشی گرفت ببی روو لە کوێ بکەیت.

ئەندامی زێی ژن

لە فیلمی ئەندامی زاوزێی ژندا باسی چۆنیەتیی شکڵی زێ و ڤاجینا دەکرێت، ئەوەی کە کردارەکانیان چییە. هەروەها زانیاری لەبارەی ئەوە کە کاتێک هەوەست دەووروژێت چی لە ئەندامی زاوزێدا روو دەدات، قەڵاچۆکرنی زێ یان خەتەنەکردن چ دەرئەنجامێکی هەیە و ئەندامی زاوزێ لەماوەی ژیاندا چ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا دێت.

ئەندامی زێی پیاو

لە فیلمی ئەندامی زێی پیاودا زانیاری لەبارەی شکڵی چووک و هێلگەگوون و کردارەکانیان وەردەگریت. زانیاریی لەبارەی خەتەنەکردنی پیاو وەردەگریت و لەبارەی ئەندامی زاوزێ کە لەماوەی ژیاندا چ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا دێت. هەروەها زانیاری لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر هاتوو گرفتی رەپبوونی چووکت هەبوو دەتوانی روو لە کوێ بکەیت و هۆکارەکانی دەتوانێ چی بێت.

تەمەنی باڵغی

لە تەمەنی باڵغیدا لەش لە منداڵەوە بۆ گەورەساڵ گەشە دەکات. بۆ نموونە تووکی بەر دەردەکەیت و زیاتر بیر لە سێکس دەکەیتەوە. کچ بۆ یەکەم جار سووڕی مانگانەی دەست پێ دەکات و کوڕ بۆ یەکەم جار ئاوی دێتەوە. ئەمە بەو واتایەیە کە دەتوانیت زگپڕ بیت یان کەسێک زگپڕ بکەیت. لەم فیلمەدا زانیاریی لەسەر ئەوە وەردەگریت کە چۆن لەش و هەستەکان لە تەمەنی باڵغیدا ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت و ئەگەر هاتوو پرسیارێکت هەبێ دەتوانی روو لە کوێ بکەیت.

تەمەنی لەخوێندەرچوون/ راوەستانی سووڕی مانگانە

تەمەنی لەخوێندەرچوونەوە بەو ماوەیە دەوترێت کە سووڕی مانگانە رادەوەستێ و ئیتر زگپڕ نابێت. لەم فیلمەدا زانیاری لەبارەی ئەوە وەردەگریت کە جەستە و مەزاج لە کاتی راوەستانی سووڕی مانگانەدا چی بەسەر دێت.

نەخۆشیی جنسی

لە فیلمی نەخۆشییە جنسییەکاندا زانیاریی لەبارەی ئەو نەخۆشییانە کە لەڕێگەی سێکسەوە دەگوازرێنەوە پێشکەش دەکرێت، بۆ نموونە کلامیدیا، تامیسکە و ئێچ- ئای- ڤی. زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگریت کە ئەو نەخۆشییانە چۆن دەگوازرێنەوە و چۆن دەتوانی خۆت لەڕێگەی بەکارهێننای کۆندۆمەوە بپارێزیت. هەروەهاش زانیاری لەبارەی ئەوە وەردەگریت کە بۆ مەبەستی تێست گرتنی نەخۆشیی جنسی روو لە کوێ بکەیت.

چێژ و هەوەس

فیلمی چێژ و هەوەس لەبارەی ئەوەیە کە کاتێک لەگەڵ کەسانی دیکەدا سێکست هەیە چۆن چێژ لە سێک ببەیت. زانیاری لەبارەی میتکەوە و ئەوەی کە کام یەک لە بەشەکانی جەستە زۆر هەستیارن کە دەستسیان لێ دەدەیت وەردەگریت. هەروەها زانیاری لەبارەی ئەوە وەردەگریت کە چۆن خۆت دەستپەڕ/دەستەگانێ بکەیت.

کاتێک کە سێکس ئازاری هەیە

فیلمی کاتێک کە سێک ئازاری هەیە لەبارەی ئەوەیە کە لەکاتێکدا سێکس یان جووتبوون ئازاری هەیە دەتوانی چ بکەی. زانیاری لەسەر ئەوەش وەردەگریت کە هۆکاری ئازارەکە چییە، بۆ نموونە ئەگەر پێت خۆش نەبێ سێکست هەبێ یان بەتەواوەتی زەوقت هەڵنەستێتەوە و تەڕ نەبیت. هەروەهاش هەندێ نەخۆشیی هەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاتێک سێکست هەیە ئازارت هەبێ.

خەرمانەی زێ

لە فیلمی خەرمانەی زێدا زانیاری لەباری کونی زێ و ئەوەی کە شکڵی چۆنە پێشکەش دەکرێت. هیچ پەردەیەکی کچێنی لە ئارادا نیە کە کونی زێی داپۆشیبێت. لەبری کونی زێ دەڵێین خەرمانەی زێ. ئەوە هیچ راستییەکی نییە کە یەکەم جار کە سێکست هەیە واتە جووت دەبیت خوێنت لێ دێت و بەڕاستی ناتوانیت لە روواڵەتەکەیەوە بزانی کە ئاخۆ کەسێک سێکسی هەبووە یا نە.

قەڵاچۆکردنی جنسی

قەڵاچۆکرنی جنسیی ژنان یان خەتەنەکردن بەو مانایەیە کە بەشێک لە زێی کچەکە یان ژنەکە دەبڕدرێت یان بریندار دەکرێت. لە وڵاتی سوید و زۆرێک لە وڵاتەکاندا ئەم کارە قەدەغەیە. لەم فیلمەدا زانیاری لەبارەی شێوەکانی قەڵاچۆکردنی جنسی و دەرئەنجامە خراپەکانیان وەردەگریت. هەروەها ئەگەر ئەم ڕووداوانەت بەسەر هاتبێت بۆ وەرگرتنی یارمەتی ڕوو لە کوێ بکەی.

چەوسانەوە و تووندوتیژیی بەبیانووی بە نامووس

فیلمی نامووس لەبارەی چەوساندەوە و تووندوتیژیی نامووسیەوەیە. واتە کەسوکار یان ئەندامانی بنەماڵە لەسەر لەش، ژیانی سێکسی و ژیانی تاکەکەسێکەوە بڕیار بدەن. هەندێ جار لەڕێگەی هەڕەشە، تووندوتیژی و بەزۆر دەکرێت. دەتوانێ بریتی بێت لەوەی کە بۆت نەبێ پێش هاوسەرگیرییکردن لەگەڵ ئەو کەسەی کە خۆت پێت خۆشەنێوانیەتیی یان سێکست هەبێت. هەروەها زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگریت کە یاسای وڵاتی سوید لەمبارەوە چی دەڵێت و بۆ وەرگرتنی یارمەتی دەتوانی روو لە کوێ بکەیت.

تووندوتیژیی جنسی

تووندوتیژیی جنسی بەو مانایەیە کە دژ بە ویستی کەسێک کردەویەکی جنسی بکەیت، بۆ نموونە لەگەڵ کەسێک کە نەیهەوێ سێکست بکەی. لە فیلمی تووندوتیژیی جنسیدا زانیاریی ئەوە وەردەگریت کە چۆن هەڵسوکەوت بکەیت لەکاتی دەستدرێژییەکەدا و پاشان ئەگەر هاتوو تووشی دەستدرێژی بووی دەتوانی روو لە کوێ بکەیت. هەروەها زانیاری لەبارەی یاسای وڵاتی سوید سەبارەت بە تووندوتیژی جنسیەوە وەردەگریت.